دوو پاسەوانی سنوور لەنێو بەفر ڕزگارکران

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هەردوو پاسەوانی سنوور، کە لەنێو بەفر لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین گیریان خواردبوو، رزگارکران.

دووشەممە، 24ـی شوباتی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سێ رۆژی ڕابردوو ژمارەیەک هاوڵاتیی لەناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی لەو شوێنانەی بەفرێکی زۆری لێ باریوە، گیریان خواردبوو، بەڵام سەرجەمیان رزگارکران.

سەرکەوت کاڕەش، گوتیشی: تەنیا دوو پاسەوانی سنوور مابوون، ئەوانیش ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هەماهەنگی لەگەڵ، تیمەکانی دیکەی پەیوەندیدار، توانییان رزگار بکرێن.

دوێنێ، یەکشەممە، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، زیاتر لە 10کەسیان لەنێو بەفر رزگارکردووە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هەر بەم هۆیەوە، لەچەند دام و دەزگایەک پشووی فەرمی بوو.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment