به‌رپرسێكی حه‌ماس ئاماژه به ئه‌گه‌ری چه‌كدانان ده‌كات و گوته‌بێژه‌كه‌شی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه
جێگری سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له ده‌ره‌وه لێدوانێك له‌باره‌ی هێرشه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌كات؛ هاوكات گوته‌بێژی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه لێدوانه‌كانی ناوبراو ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
دووشه‌ممه، 24ـی شوباتی 2025، مووسا ئه‌بو مه‌رزووق، جێگری سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له ده‌ره‌وه تایبه‌ت به ڕۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" گوتوویه‌تی، ئاگاداری ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی پلانی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس نه‌بووه بۆ سه‌ر ئیسرائیل له 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023ـدا.
ئه‌بو مه‌رزووق گوتوویه‌تی، ئه‌گه‌ر بیزانیبووایه هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس ئه‌و ئه‌نجام و لێكه‌وتانه‌ی ده‌بێت، ڕێگه‌ی نه‌ده‌دا و پێی ڕازی نه‌ده‌بوو.
به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌بو مه‌رزووق ناكۆكی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسدا هه‌یه سه‌باره‌ت به چه‌كدانان و له‌م باره‌یه‌وه گوتوویه‌تی، به‌شێك له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه سه‌باره‌ت به‌م پرسه قسه‌ی جیایان هه‌یه و ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ چه‌كدانان بن.
له لای خۆیه‌وه، حازم قاسم، گوته‌بێژی حه‌ماس لێدوانه‌كانی ئه‌بو مه‌رزووقی ڕه‌ت كرده‌وه و ڕایگه‌یاند، گوزارشت له بزووتنه‌وه‌كه ناكات و قسه‌ی خۆیه‌تی و هه‌روه‌ها حه‌ماس ئاماده نییه چه‌ك دابنێت.