دوو ڕۆژە ژیانی ئاسایی لە 23 سێ پارێزگای ئێران پەکخراوە
بە هۆی شەپۆلی بەفر و سەرما و کەمبوونەوەی غاز و کارەبا لە ئێران، دوو ڕۆژە لە تاران و 22 پارێزگای دیکەی ئەو وڵاتە پشووی فەرمی ڕاگەیاندراوە.
ئەو شەپۆلە بەفر و سەرمایەی کە لە هەینییەوە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، ژیانی ئاسایی لە 23 پارێزگا پەک خستووە، هەر بەم هۆیەوە لە ئێوارەی یەکشەممەوە بڕیار درا ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە سەرجەم فەرمانگە حکوومەتییەکان، ناوەندەکانی خوێندن بە قوتابخانە و زانکۆکان، شوێنە گشتییەکان و ناوەندە وەرزشییەکان دابخرێن بکرێتە پشووی فەرمی.
بڕیارەکە، لە سەرجەم پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاران و 16 پارێزگای دیکە لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوا و ناوەندی ئێران جێبەجێ کراوە.
بەگوێرەی تۆمارەکانی ناوەندی کەشناسیی ئێران، جگە لە چەند شارێک، لە زۆربەی ئەو پارێزگایانەی پشووی تێدا ڕاگەیاندراوە، پلەی گەرما نەگەیشتووەتە ژێر سفری سیلیزی، هەربۆیە هۆی ڕاگەیاندنی پشوو، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و شەپۆلی بەفر بارینەوە نەبووە، بەڵکوو کێشەی کەمیی وزەی کارەبا و غاز بووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ساڵێکە لە وەرزی زستاندا تووشی کورتهێنانی غاز دەبێت. ئەم کێشەیە ئەمساڵ کورتهێنانی کارەباشی بەدوادا هاتووە و هەر بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کورتهێنانە و دابینکردنی غاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی یەکەکانی نشتەجێبوون لە دوو مانگی ڕابردوودا، چەندین جار لە زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە پشوو ڕاگەیاندراوە.