فێستیڤاڵی ناوچەی موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو

لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فێستیڤاڵی ئاوازە خۆجێییەکانی ناوچەی موکریان بەڕێوە چوو. لەم فێستیڤاڵەدا 10 هونەرمەندی میللی، کە هەر کامیان زیاتر لە نیو سەدەیە لە بواری خۆوێژی و بەندبێژیدا چالاکن، بە بەند و گۆرانی، کەشێکی خۆشیان بۆ بەشداربووان خوڵقاند و لە کۆتاییشدا لە لایەن بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەوە ڕێزیان لێ گیرا.
کۆڕێکی گەرموگوڕ بە گۆرانیی کوردی لە شەوێکی سارد و سڕی زستاندا. ئەمە فێستیڤاڵی ئاوازەکانی ناوچەی موکریانە. 10 هونەرمەندی بەندبێژ و خۆوێژی موکریان لەم فێستیڤاڵەدا میوان بوون. بەڵام ئەوان بوونە خانەخوێی ئەو جەماوەرەی بۆ بیستنی گۆرانییەکانیان هاتبوون و شەوێکی گەرموگوڕی پڕ لە شادی و خۆشییان بۆ جەماوەر خوڵقاند.
محەممەد زارع زادە، شانۆکار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانە ئەرکیان کێشاوە بۆ وڵاتەکەمان، بۆیە دەستخۆشیان لێ دەکەم کە بەشدار بوونە لەو فێستیڤاڵە.
هەر یەک لە هونەرمەندان، عومەر فەرەجی، ئەبوو قەرەگوێزی، قالە دەڕژێ، جەعفەر بوغدەداغی، حەسەن میراوایی، عەلی گڵێنانی، محەممەد خەڵیفانی، حامید کۆسەیی، عومەر شنۆیی و حوسێن خاڵدار، لەم فیستیڤاڵەدا هونەر و لێهاتوویی خۆیان لە بەندبێژی و خۆوێژیی نمایش کرد.
لوقمان شەهابی، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەی موکریان گوتی: ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە ڕێز لە هونەرمەندان بگرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەبواری فەرهەنگی هونەریدا چالاکن، چونکە ئەو هونەرمەندانە هەموو ژیانی خۆیان لە ڕێگەی فەرهەنگ و هونەری میللی تەرخان کردووە بۆ ئەو میللەتە.
زۆربەی ئەو هونەرمەندانە زیاتر لە نیو سەدەیە لە بواری هونەری میللیدا چالاکن، ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی بەند و باو و لەم ڕێگایەشەوە پاراستنی زمانی پەتیی کوردی لە ناوچەی موکریان هەبووە.
حوسێن خاڵدار، هونەرمەندی میللی ڕایگەیاند "تاوەکوو ئێستا دەست بەدەست ئەو هونەرە هاتووە بۆ ئێمە، هیوادارم ئێمەش بتوانین بیگواینەوە بۆ نەوەی داهاتوو، دەبێت ساڵانە دوو تا سێ جار ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە دووبارە بکرێتەوە بۆ گەنجەکانمان. هەروەها ئەبێت ئێمە کار بکەین بۆ خزمەتکردنی نەوەی داهاتوو."
لە کۆتاییی ئەم فێستڤیاڵەدا کە لە ڕاستیدا کۆنسێرتێکی بەکۆمەڵی ئەم هونەرمەندە میلییانە بوو، دەستەی بەڕێوەبەریی فێستیڤاڵەکە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بەم هونەرمەندانە کرد. ئەمەش لە پێناو ئەو خزمەتەی بە مۆسیقای فۆلکلۆری ناوچەی موکریانیان کردووە.