وەزارەتی کارەبا: دوو هەزار و 500مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، دوو هەزار و 500مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.
سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، 25ی شوباتی 2025 بە هۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا.
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، بە هۆیەوە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بەوەش کردووە: تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چارەکردنی کێشەکەن.
هەر دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندبوو: بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما لە كاتژمێر (2:00)ی شەو، گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروست بوو و كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا هەبوو، بەهۆیەوە 1000 مێگاوات كارەبا کەم بووەوە.