خاوەن گامێشەکانی کەرکووک ناڕازین

لە کەرکووک 100ماڵ هەن کە لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووەوە گامێش بەخێو دەکەنن. ئێستە قایمقامییەتی کەرکووک ئاگاداریانی کردووەتەوە کە شوێنەکانیان دەڕووخێنن و  خاوەن گامێشەکانیش لەو بڕیارە ناڕازین.

سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، یەکێک لە خاوەن گامێشەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "قایمقامییەت بەبێ هیچ فەرمان و نووسراوێکی فەرمی، هاتووە بۆ ڕووخاندنی شوێنی گامێشەکانمان، دوو مانگ پێش ئێستا شوێنەکانیان لێ ڕووخاندین جارێکی دیکە دروستمان کردەوە، بەڵام هیچ شوێنیک نییە بۆی بچین."

ئەو شوێنەی گامێشەکانی تێدا بەخێو دەکرێت، کانیاوێکی لێ نزیکە، وەک خاوەن گامێشەکان دەڵێن: لە وەرزی هاویندا گامێش پێویستی بە بڕێکی زۆری ئاو هەیە، بۆیە ناچارین لێرە بمێنینەوە.

خاوەن گامێشەکان بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـیان راگەیاند: ئەگەر شوێنیکی هاوشێوەی ئێرە هەیە، ئامادەین لێرە بڕۆین، بەڵام ناکرێت ژیانی 100ماڵ تێک بدرێت کە زیاتر هەزار گامێشیان هەیە.