دانیشتووانی زیقار بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەوە گرفتارن

لە پارێزگای زیقار دەیان ملیار دینار بۆ پرۆژەی پەروەردەیی و تەندروستیی و شارەوانیی تەرخان کراون، بەڵام زۆرینەیان بە تەواونەکراوی بەجێ هێڵدراون.
هاووڵاتیانی زیقار دەڵێن: بەشێک لە پرۆژەکان ماوەی 10 ساڵە بەتەواونەکراوی ماونەتەوە، حکوومەتی خۆجێیی زیقاریش بەغدا بە تەواونەکردنی پرۆژەکان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: هەر پرۆژەیەک وەزارەتە فیدراڵییەکان سەرپەرشتی بکەن بە نیوەناچڵی دەمێننەوە.
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی: ئەو پرۆژانەی بڕیار بوو حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێیان بکات، کێشەی گەورەی بۆمان دروست کردووە؛ هەندێکیان لەساڵی 2011وە تەواو نەکراون بەتایبەتی پردەکان، ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر. هاوکات، قوتابخانەی گڵین و سێ دەوامیمان زۆرە، بەڵام باڵەخانەمان بۆ دروست ناکەن.
سەلامە سەرهید، یاریدەدەری پارێزگاری زیقار دەڵێت: هەمیشە ئەو پرۆژانەی وەزارەتەکان سەرپەرشتی دەکەن بە تەواو نەکراوی دەمێننەوە، ئەمەش کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە، کێشەی سێ دەوامیمان لە قوتابخانەکان هەیە، تەنانەت بەهۆی تەواونەکرانی قوتابخانەکانەوە، قوتابییەکانمان لە قوتابخانەی گڵین و کابینەدا دەخوێنن. هەروەها کێشەی کەمیی پرد و نەخۆشخانەشمان هەیە. لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران قسەمان کردووە بۆ ئەوەی بەخێرایی تەواویان بکەن."
سەرباری بێتوانایی حکوومەت لە جێبەجێکردنیان، بەڵام بەرپرسان دروشمی تەواوکردنی پرۆژەکانیان بەرز کردووەتەوە و ئەم دۆسیەیە بە چەقبەستوویی ماوەتەوە.