دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا گەڕایەوە نێو تۆڕی نیشتمانی
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو 2500 مێگاوات کارەبایەی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەمی کردبوو، گەڕایەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
وەزارەتی کارەبا، لە پەیجی فەرمی وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا بەدواداچوون و چاودێریی دۆخی کارەبای کرد. کە دووەم جارە تۆڕی کارەبای هەرێم دووچاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بووەوە، کە بەهۆی گرفتە تەکنیکییەکانی کۆمپانیای دانە غاز لە کێڵگە کۆڕمۆڕ ڕووی داوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیای دانە غاز توانیویان چارەسەری گرفتەکە بکەن و 2500مێگاوات کارەباکە بگەڕێننەوە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاو کردەوە، کە بە هۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیراوە بەم بەهۆیەوە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.