عێراق و بەریتانیا ڕێککەوتنێک بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک واژۆ دەکەن

ڕێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم، بۆ پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی نەوتی لە کەرکووک واژۆ کرا.
سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی واژۆکردنی رێککەوتنێکی لەنێوان کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆم "BP"، بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی لە کەرکووک کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە بریتییە لە پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی سەرەکی لە کەرکووک، ئەوانیش؛ بای حەسەن، ئاڤانە، چەمەبۆر و خەباز، هەروەها ڕێککەوتنەکە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوە گازییەکانیش لەخۆ دەگرێت.
ئەم ڕێککەوتنەش دوای ئەوە هات، کە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی لەندەنی کرد و لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد بە مەبەستی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، هەروەها بە بۆچوونی شارەزایان گرێبەستەکە زیان بە کێڵگە نەوتییەکان دەگەیەنێت، بەجۆرێک یەدەگی نەوتی شارەکە بە تەواوی کەم دەکات.