تورکیا..سەرۆک شارەوانییەکی دیکە دەستگیر کرا

عەلاددین کۆسێلەر، سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز
عەلاددین کۆسێلەر، سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز

سەرۆک شارەوانییەکی جەهەپە بە تۆمەتی گەندەڵی، لەگەڵ 20 کەسی دیکە دەستگیر کرا. 

کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، عەلاددین کۆسێلەر، سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز، لەلایەن تیمەکانی بەشی تاوانە داراییەکانی پۆلیسی پارێزگای ئیستەنبووڵەوە دەستگیر کرا.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی ئیستەنبووڵ، سەرۆکی شارەوانیی بەیکۆز، کە سەر بە جەهەپەیە، بە تۆمەتی گەندەڵی، لەگەڵ 20 کەسی دیکە دەستگیر کراوە و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی "ساختەکاریی تەندەر" لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

 هاوکات ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی ڕێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە، ڕایگەیاندووە "ئەم مامەڵەیەی کە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکی تەمەن 65 ساڵ دەکرێت، دوایین پێشهاتی ستەمکارییە و ئێمە پشتیوانیی لە سەرۆکی شارەوانییەکەمان دەکەین." باسی لەوەش کرد، لەگەڵ پارێزەران و ڕێکخراوەکانییان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە31ی ئاداری 2024، تا ئێستا 12 سەرۆک شارەوانیی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەکارەکانییان لادراون و قەیووم لە شوێنیان دانراوە.