خەرجی حكومەتی عێراق بۆ دوو مووچە و بندیوارەکان ئاشکرا دەكرێت

.

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، خەرجی حکومەت بۆ کەسانی دوو مووچە و بندیوارەکان مانگانە دەگاتە دوو ملیار دۆلار.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت لەبەردەم تەحەدای گەورەدایە، ئەگەر هەوڵبدات هەنگاوەکانی چاکسازی بگرێتەبەر، وەک بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی دوو مووچە وەردەگرن و کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان. کە له‌ رێگه‌یه‌وه‌ بڕێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، خەرجی حکوومەت بۆ کەسانی دوو مووچە و بندیوار مانگانە دەگاتە دوو ملیار دۆلار، لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی مووچە مانگانە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێویستە.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق راشیگەیاند، پەرلەمان 60 رۆژی وەک مۆڵەت بۆ حکومەت دیاریکردووە، بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییانەی پێویستی بە پشتیوانی پەرلەمانە پێشکەش بکات. هەروەها بەربەستی سەرەکی ئەو کەسایەتی و لایەنانەن کە نایانەوێت چاکسازی ئەنجامبدرێت.