دەستەی گەشتوگوزار فێستیڤاڵی تایبەت بە ڕەمەزان ساز دەکات

دەستەی گەشتوگوزار بۆ مانگی ڕەمەزان فێسڤاڵی جۆراوجۆر ساز دەکات و پێشبێنی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری ئەورووپایی بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێدا بکەن.
پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە مانگی ڕەمەزاندا، هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان، کەم دەبێتەوە، چونکە بەشی زۆری گەشتیارانی هەرێم، لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن."
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتی: دووەم ساڵە نەورۆز دەکەوێتە مانگی ڕەمەزانەوە، بۆیە ئەو گەشتیارانەی بەشداریی ئاهەنگی نەورۆز دەکەن، زۆرینەیان لە وڵاتانی ئەورووپاییەوە دێنە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بەشداریی لە ئاهەنگی شەوی نەورۆزی شارۆچکەی ئاکرێ، دەکەن.
گوتەبێژی گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش کرد "زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان، لە مانگی ڕەمەزاندا، دوای بەربانگ، چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆر ساز دەکەن.
ساڵانە، لە بۆنەکاندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار دێنە هەرێمی کوردستان و ئەمساڵیش بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی ناوچە شاخاوی و ساردەکانیان کرد.