میدیای دەم پارتی: پەیامەکەی ئۆجەلان بە شێوەی نووسراو دەبێت

شاندی دەم پارتی
شاندی دەم پارتی

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان کۆتایی هات. میدیاکانی نزیک لە دەم پارتیش ئاماژە بەوە دەدەن: پەیامەکەی ئۆجەلان بە شێوەی نووسراو دەبێت. 

نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمرالی کۆتایی هات.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، شاندەکەی دەم پارتی چووە ئیستەنبووڵ و لە هۆتێلی "ئێلیت وۆرڵد" بە ئامادەبوونی زیاتر لە 300 ڕۆژنامەنووسی نێوخۆیی و بیانی، پەیامەکەی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ڕای گشتی دەخەنە ڕوو.

میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی ئاماژەیان بەوە کردووە، پەیامەکەی ئۆجەلان بە شێوەی نووسراو دەبێت نەک ڤیدیۆیی، بەڵام هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا وێنەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ئۆجەلان لەگەڵ شاندی دەم پارتی پیشانی ڕای گشتی دەدرێت. 

هاوکات بە پێی مێدیاکانی تورکیا، پەیامەکەی ئۆجەلان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی دەخوێنرێتەوە، هەروەها پەروین بوڵدان پەیامەکە بە تورکی دەخوێنێتەوە و ئەحمەد تورکیش پەیامەکە بە کوردی دەخوێنێتەوە.

ئەندامانی شاندی ئەمڕۆی دەم پارتی بۆ ئیمرالی:

1.  پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان.

2.  سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.

3.  ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین.

4.  تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

5.   تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

6.  جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ.

7.  فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجەلان.

 

دەم پارتی: داوا دەکەین دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، ئۆجەلان ئازاد بکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، گوڵشەن ئۆزەر، هاوسەرۆکی لقی دیاربەکری دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە هاووڵاتییانی ئەو شارەی باکووری کوردستان کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ،  لە گۆڕەپانی "شێخ سەعید" لە ناوەندی شارەکە کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە گوێ لە پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بگرن.

هاوسەرۆکی لقی دیاربەکری دەم پارتی، دووپاتیشی کردەوە "عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا، بۆچوون و پێشنیازی خۆی لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی گشتیی دەخاتە ڕوو و هەرچی بڵێت و داوا بکات، ئێمە پێوەی پابەند دەبین."

ئەو بەرپرسەی دەم پارتی گوتیشی: "داوا دەکەین لە دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، حکوومەتی تورکیا ئۆجەلان ئازاد بکات و چی دیکە لە زینداندا نەمێنێت."

گوڵشەن ئۆزەر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد " گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەموو جیهان، چاوەڕێی پەیامە مێژووییەکەی ئۆجەلان دەکەن کە بۆ ئارامی، سەقامگیریی و ئاشتیی ناوچەکە زۆر گرنگە." 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment