29 کیلۆ ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی پاسەوانی سنوور و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشیی ڕاپەڕین، توانیان لەسەر سنووری پشدەر دوو گەورە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و دەستیش بەسەر بڕی 29 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کهپتاگۆندا بگرن.
لە ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە، شەوی 27ـی ئەم مانگە لە سنووری پشدەر لەلایەن پاسەوانی سنوور 29 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کهپتاگۆن دەستی بەسەرداگیرا و دوای بەدواداچوون لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەوڵی ورد و زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشیی ڕاپەڕین، توانرا دوو گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و ڕووبەڕوی یاسا بکرێنەوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، تۆمەتباران بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.