ترەمپ: هەر کاتێک زێلێنسکی بۆ ئاشتی ئامادەبوو، دەتوانێت بگەڕێتەوە

لە دوای دیدار و مشتومڕەکەی کۆشکی سپی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: زێلێنسکی نیازی ئاشتیی نییە، بێڕێزی بە ئەمەریکا و کۆشکی سپی کرد، هەر کاتێک بۆ ئاشتیی ئامادەبوو، دەتوانێت بگەڕێتەوە.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی زۆر مانادارمان هەبوو، لەوە تێگەشتین گفتوگۆ لە دۆخێکی فشاراویدا ناکرێت، لەو باوڕەم زێلێنسکی ئێستا بۆ ئاشتەوایی ئامادە نییە، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریکا بەشدار بێت، چونکە پێیوایە ئەمەریکا بەشداربوونی لە دانوستاندنەکان لە بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت، بەڵام من بەرژەوەندی و دەستکەوتم ناوێت، ئاشتیم دەوێت، ئەو لە کۆشکی سپی بێرێزی بە ئەمەریکا کرد، کەی ئامادەبوو بۆ ئاشتی دەتوانێت بگەڕێتەوە.

گواستنەوەی دیمەنی مشتومڕی ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی، میدیا جیهانییەکانی تەنی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ڕووسیا دەستدرێژکارە و دەبێت ڕێز لەو کەسانە بگیرێت، کە لە سەرەتاوە شەڕیان کردووە.

هەروا کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە، زێلێنسکی لەم سەردانەیدا ئامادە نەبووە ئیمزا لەسەر ڕێککەوتننامەی پێدانی کانزای ئۆکرانیا بە ئەمەریکا بکات.

هەر بەهۆی ئەو مشتومڕە توندەی ڕوویدا، دوور لە پرۆتۆکۆڵی میوانی و سیاسیی بەبێ بەستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، کۆشکی سپی بەجێهێشێت.

لە نێو میدیای ئەمەریکادا، فۆکس نیوز لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، کە ترەمپ بە شەق زێلێنسکی لە کۆشکی سپی دەرکردووە.

لە دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی ئەمەریکای کردوو بۆ پشتگیرییانەی تاوەکوو ئێستا پێشکەشی کیێڤی کردووە و دەڵێت: ئۆکرانیا پێویستی بە ئاشتییەکی هەمیشەی هەیە.

 
Fly Erbil Advertisment