دەم پارتی: ژمارەیەک کۆبوونەوەی باڵا بۆ هێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچن

دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدات، بەم نزیکانە ژمارەیەک کۆبوونەوەی باڵا بۆ هێنانەکایەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوە دەچن. 

سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەبارەی قۆناغی دوای پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند "بەشە سەختەکەی قۆناغەکە کۆتایی هات."

سرری سورەیا ئۆندەر، لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئاماژەی بەوە دا "بەم نزیکانە زنجیرە کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بەرپرسانی حکوومەت و سیاسەتمەداران دەکرێن و زۆر شت ڕوونتر دەبنەوە و دەگەنە ئەنجام." 

بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هیواشی خواست لە سێ مانگی داهاتوودا هەموو شتێک یەکلایی بکرێتەوە. ئــەوەشی خستە ڕوو  "ئەگەر کارەکان بە دڵسۆزی و جددی بەڕێوە بچن، هەنگاوە دیموکراسییەکان، یەک لە دوای یەک دێنە ئاراوە."

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبووڵ، پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدانیش بە زمانی تورکی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە هەمان ڕۆژ و بۆ جاری سێیەم سەردانی ئیمرالییان کرد.

 ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی داوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ."

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کرد "داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی لە ساڵی نەوەدەکاندا بە هۆی نێوخۆوە، کۆتاییهاتنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی لە وڵاتەکەدا، ئەو بەرەو پێشچوونانەی لە بواری ئازادیی ڕادەربڕیندا هاتوونەتە کایەوە، هەموو پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەی پەکەکە نێوەرۆک و مانای بوونی خۆی لە دەست بدات و بەبەردەوامی خۆی دووبارە بکاتەوە. لەبەرئەوە پەکەکە تەمەنی کۆتایی هاتووە و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە زەروورەت."