نەپەگە: بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە هەموو هێزەکانمان دەگرێتەوە

ناوەندی فەرماندەیی پاراستنی گەل (نەپەگە) هەڵوێستی خۆی لە بارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و بڕیاری پەکەکە بۆ ئاگربەست ڕاگەیاند و دەڵێت: بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە لە 1ی ئاداری 2025دا هەموو هێزەکانمان دەگرێتەوە.

ناوەندەکە، بە ناوی فەرماندەیی بڕیارێکی ئاراستەی سەرجەم باڵە چەکدارییەکانی پەکەکە کردووە و ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازە مێژووییەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بڵاوی کردەوە لەگەڵ ئەو ئاگربەستەی پەکەکە ڕایگەیاند، فەرمانەکە هەموو هێزەکان  دەگرێتەوە و  پێویستە هەموو فەرماندەکان و یەکینە پەیوەندیدارەکان بە بەرپرسیارێتییەوە پابەندی بن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەگەر لە هەر حاڵەتێکدا هێرشیان بکرێتە سەر، ئەوە بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن لە چوارچێوەی مافی خۆ پاراستن، وەڵام بدەنەوە." 

هەروەها جەختی کردووەتەوە، ئەم بڕیارە بۆ سەرجەم هێزەکانیانە لە تورکیا و باکووری کوردستان و دەبێت هەمووان فەرمانەکە جێبەجێ بکەن. داواشی کردووە لەسەر بنەمای خۆپاراستن سەر لە نوێ خۆیان جێگیر بکەنەوە و لەم پرۆسە گرنگەدا دەبێت هەمووان بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن و لە هەر هەلومەرجێکدا بێت ئەرکی خۆپاراستنیان بەهێز ڕابگرن.

دوێنێ شەممە، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکدارییان نابێت. ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment