لێژنەیەک بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا ڕاسپێردرا

سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، لێژنەیەکی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە ڕاسپارد.

یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەر لە سووریا، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی، بۆ پێکهێنانی لێژنەیەک بە مەبەستی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە دەرکرد.

لێژنەکە لە حەوت کەس پێک دێت و دوای تەواوبوونی کارەکانیان بڕیارە پێشنیازەکانیان پێشکەش بە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەر بکەن، بە گوێرەی مێدیاکانی سووریا، دیار نییە ئەندامانی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێ لەسەر چ بنەمایەک دیاریی کراون.

شەرع، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانەکە بە پشبەستن بە خواستەکانی گەلی سووریا بۆ بنیادنانی دەوڵەتەکاین لەسەر بناغەی سەروەریی یاسا دەرکراوە.

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، لە دەستووری نوێی سووریا، سەرۆک کۆمار پۆستی فەرماندەی باڵای سوپا و هێزە چەکدارەکان وەردەگرێت و  مەرجە موسڵمان بێت. 

زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن؛ لە دەستووری نوێدا رێگە بە دروستکردنی پارتەکان دەدرێت بەو مەرجەی لەسەر بنەمای نیشتمانیی بێت و بەپێی یاسا بێ. 
بڕیارە ئەو لێژنەیە لە ماوەی دوو ساڵدا کارەکانی تەواو بکات و دەستوورێکی 48 ماددەیی ئامادە بکات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment