یونیسێف: دەستدرێژیی کراوەتە سەر  221 منداڵی سوودانی

"چوار لەو منداڵانە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ساڵێک"

منداڵانی سوودان
منداڵانی سوودان

بە گوێرەی ئامارەکانی یونیسێف، گرووپە چەکدارەکانی سوودان بەردەوامن لە دەستدرێژییکردنە سەر منداڵان و لە ساڵی 2024ـەوە تاوەکوو ئێستە دەستدرێژییان کردووەتە سەر زیاتر لە 200 منداڵ کە بەشێکیان تەمەنیان کەمتر لە یەک ساڵ بووە. 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تاوەکوو ئێستە، گرووپە چەکدارەکانی سوودان دەستدرێژییان کردووەتە سەر  221 منداڵ کە دوو لەسەر سێیان کچ بوون. 

یونیسێف باسی لەوەش کردووە، لەو 221 منداڵە، 16ـیان تەمەنیان خوارووی پێنج ساڵ و چواریشیان خوار یەک ساڵ بوون. ئەوەشی خستووەتە ڕوو "ئەم حاڵەتانەی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتین و دەکرێت بە تاوانی جەنگ هەژمار بکرێن."

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی یونیسێف، بەشێکی کەسوکاری ئەو منداڵە سوودانییانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر، لەبەر چەند هۆیەک، ئامادە نین هیچ زانیارییەک لەسەر حاڵەتەکان ئاشکرا بکەن، لەوانەش: شەرم لە کۆمەڵگە، ترسی گرووپە چەکدارەکان، پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانیان یان تۆمەتبارکردنیان بە هاوکاریی گرووپە چەکدارەکان.

کاسرین ڕاسل، بەڕێوەبەری گشتیی یونیسێف، باسی لەوە کرد "دەستدرێژییکرنە سەر منداڵان بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان ناگاتە ساڵێک، هەمووانی حەپەساندووە و دەبێت ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگریی لەو حاڵەتانە بگیرێتەبەر، چونکە ملیۆنیان منداڵ لە سوودان ترسی ئەوەیان لەسەرە دەستدرێژییان بکرێتەسەر، یان ئەشکەنجە بدرێن."

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی یونیسێف، ئەو کەسانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر یان ئەشکەنجە دراون، لەلایەنی دەروونییەوە تێک چوونە و لە ڕووی جەستەیشەوە بەردەوام بە دەست ئازارەوە گیرۆدەن. باسی لەوەش کردووە، دەکرێت ئەو حاڵەتانە لێکەوتەی درێژخایەنیان لەسەر قوربانییان هەبێت، لەنێویشیاندا، دووگیانبوون یان قوربانییان بترسن لەوەی نهێنییەکان بۆ دەسەڵات یان خێزانەکانیان ئاشکرا بکەن یان داوای چارەسەر بکەن. 

لە مانگی نیسانی 2023ـەوە شەڕی ناوخۆیی سوودان لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستی پێ کردووە. بەهۆی شەڕەکەوە دەیان هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و سەدان هەزاری دیکەش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون. هەروەها، هاووڵاتییانی سوودان بە دەست نەبوونی ئاو، خواردن و پێدوایستییەکانی دیکەی ڕۆژانەیان گیرۆدەن.