ترودۆ ترەمپ بە تێکدانی ئابووریی کەنەدا تۆمەتبار دەکات

جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، باجەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر هاوردەکردنی وڵاتەکەی بە کارێکی زۆر گەمژانە وەسف دەکات.

ترودۆ ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت ئابووریی کەنەدا لەناو ببات.

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەست پێ کردنی شەڕی بازرگانی ترەمپ لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا، ترودۆ دەستبەجێ باجی لەسەدا 25ـی لەسەر هاوردەکردنی ئەمەریکا بە بەهای 30 ملیار دۆلاری کەنەدی ڕاگەیاند.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر پێویست بکات، کەنەدا لە ماوەی 21 ڕۆژدا هاوردەکردنی دیکە بە بەهای 125 ملیار دۆلاری کەنەدی دەکاتە ئامانج.

ترودۆ بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە، بە هیچ شێوەیەک هیچ پاساوێک و پێویستییەک بۆ ئەم باجانە نییە،  ئاماژەی بەوەش کرد، کەنەدا لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا تەحەدای ڕێوشوێنەکانی ئەمەریکا دەکات.

ترەمپ کەنەدای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە کارێکی پێویستی نەکردووە بۆ وەستاندنی ڕۆیشتنی دەرمانی کوشندە لە جۆری ئۆپیۆیدی فێنتانیڵ و ئەو ماددە کیمیاییانەی کە دەیکەنە ناو ئەمەریکا، ئەمەش ئارگومێنتێک ترودۆ بە "تەواو درۆ و ناڕەوا" ناوی بردووە.

پەیوەندییەکانی ترودۆ لەگەڵ ترەمپ کە هەرگیز گەرم نەبوون، لە چەند مانگی ڕابردوودا تێکچووە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا چەندان جار باسی لە کەنەدا کردووە بە 51مین دەوڵەتی ئەمەریکا و بە گاڵتەجاڕیەوە ترودۆی بە "فەرمانڕەوا"ی وڵاتەکەی ناوبرد نەک سەرۆک وەزیران.

ترەمپ دەڵێت: نیگەرانە لە ڕێککەوتنی بازرگانی سێ قۆڵی نێوان ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا کە لە خولی یەکەمی خۆیدا ئیمزای کردووە. ترودۆ بیرۆکەی کردنەوەی دانوستانەکانی کەمکردەوە پێش ئەوەی پێداچوونەوەیەک بکرێت کە بڕیارە لە ساڵی 2026دا بکرێت.

ترودۆ گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو (ترەمپ) هەڵبژاردووە بیەوێت ئابووریی کەنەدا تێکبدات، نازانم ئایا پێویستە دانوستانەکان بهێنمە پێشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە خراپەی ئێمە تێیداین.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن کەنەدا کە لەسەدا ٧٥ی سەرجەم هەناردەکردنەکان بۆ ئەمەریکا دەنێرێت، ئەگەر بە خێرایی باجەکان هەڵنەگیرێت، دەخلیسکێتە پاشەکشەی ئابوورییەوە.

ترودۆ دەشڵێت: ئەمەریکییەکانیش زیانیان پێدەگات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەردوو ئابوورییەکە چەندە بەیەکەوە گرێدراون، هەروەها ئاماژەی بە سەردێڕێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کرد لە کۆتایی مانگی یەکدا کە تێیدا هاتبوو ترەمپ "گەمژەترین شەڕی بازرگانی لە مێژوودا" دەوروژێنێت ئەگەر بچێتە پێشەوە لەگەڵ باجەکاندا.

 
 
Fly Erbil Advertisment