تەندروستی عێراق وادەی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

.

K24 - ھەولێر

وەزیری تەندروستی عێراق پێشبینی دەکات، لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم، عێراق بچێتە نێو شەپۆلی دووەمی کۆرۆناوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا حەسەن تەميمى، وەزيرى تەندروستیى عێراق رایگەیاند "هێشتا عێراق نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ لوتكەى بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسی کۆرۆناوە، لەوانەیە لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم، بکەوینە نێو شەپۆلى دووەمى ڤايرۆسەکەوە".

تەمیمی باسی لەوەشکرد، هاووڵاتیيان هاوكارنین بۆ سنوورداركردنى بڵاوبوونەوەى پەتاكە.

هەروەها ئاماژه‌یداوه‌، ئێستا رۆژانە 11 بۆ  13 هەزار پشكنين ئەنجام دەدرێت، هەوڵدەدەن ژمارەکە بگەیەننە 50 هەزار.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە 69 هەزار و 612 کەس، کە 39 هەزار و 502 کەسیان چاکبوونەتەوە. هەروەها لەکۆی تووشبووان، دوو هەزار و 882  کەسیش گیانیان لەدەستداوە.