ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی: پەکەکە لەمانگی نیسان کۆنگرە دەکات و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە
                        دوای بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چونە نێو قۆناغێکی نوێی پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، کەتیایدا داوای کرد پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بە پێویستی زانی لەمەودوا خەباتی چەکداری بگۆڕێت بۆ خەباتی سیاسی، لە ئێستا پرسیاری ئەوە هاتۆتە ئاراوە ئاخۆ کەی ئەو کۆنگرەیە بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەوە ڕۆژنامەی حوڕێیەتی تورکی زانیاری نوێی لەبارەی قۆناغی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاشکرا کردووە و دەڵێت، لەمانگی نیساندا پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەڕێوە دەبات و چەک دادەنێت.
پەکەکە وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلانی دایەوە و ڕایگەیاند، ئەوان کۆنگرە ئەنجام دەدەن و ئاگر بەست ڕادەگەیەنن، لەئێستادا کۆی ئەوانەی پرۆسەکەیان لا گرنگە، دەپرسن ئاخۆ دەبێت کەی کۆنگر بەرێوە بچێت و کورد بە ئاشتی بگات؟.
ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی زانیاری نوێی لەبارەی قۆناغی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان ڕاگەیاندووە و دەڵێت، پەکەکە داوا دەکات خودی ئۆجەلان کۆنگرە بەڕێوەببات، بەڵام ئەمە مەحاڵە و ئۆجەلانیش زۆر باش دەزانێت ناتوانێت کۆنگرە بەڕێوەببات، هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، لە ڕابردوودا پەکەکە سەرەڕای بانگەوازەکانی ئۆجەلان چەکی دانەناوە و بێ متمانەیی سەریهەڵداوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەمجارە پەکەکە کۆنگرەی خۆی دەکات و بڕیار دەدات چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، پێشبینی دەکرا دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، 2 بۆ 3 مانگ چاودێری پرۆسەکە بکرێت ئینجا کۆنگرە ببەسترێت، بەڵام دۆخەکە ئێستا گۆڕاوە و بەو پێیەی لە ڕابردوودا ئەم پرۆسانە بە شێوەیەکی خوێناوی تێکدراون، بۆیە خشتەی کارەکان خێراتر دەکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەنجامەکان بەدەست بهێنرێت.
لەبارەی وادەی بەستنی کۆنگرەکە، ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لەمانگی نیساندا، پەکەکە کۆنگرە ببەستێت، کە لەو کۆنگرەیەدا بڕیاری دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی دەدات، هەروەها ئیرادەی ئۆجەلان بۆ ئەو بابەتە لە کۆنگرەکە دوپات دەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی 1993 وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نراون، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێناوە، هەموو ئومێدەکان لەم پرۆسە نوێیەی ئاشتی چنراوە و بەکۆتا هەل دادەنرێت، بۆ ئەوەی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان بحەسێتەوە، هەروەها بگات بە مافەکانی.
