کۆرۆنا رێگربووە لەبەردەم پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان

فرسەت سۆفی: دەرگامان بەڕووی هەموو وەبەرھێنەران کردووەتەوە، کە بیانەوێت پڕۆژەی گەشتیاری بکەن


K24 - هەولێر

ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاریی هەیە، کە سەرچاوەی باشن بۆ ھەمەچەشنکردنی داھات، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش پلانی تایبەتی داڕشتووە بۆ پەرەدان بەو کەرتە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان، ئەو کەرتە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی گەشتوگوزار وەکو زۆربەی سێکتەرەکانی دیکە لە ھەموو دونیا، بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەستینران. لەپێناو سەلامەتی و تەندروستی ھاووڵاتییانیش ھەرێمی کوردستان ھاتووچۆی گەشتیارانی خواروو، ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەی ھەرێمیشی وەستاند، بەمەش پڕۆژەکانی تایبەت بە گەشتیاری و ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان راگیران تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

موخڵیس موسلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و کارگێڕی لە دەستەی وەبەرھێنان دەڵێ ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکان کردووە بەتایبەتی پڕۆژە گەشتیارییەکان و، بەشێکی زۆر لە وەبەرھێنەرانی بیانیش بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە نەیانتوانیوە پڕۆژەکانیان جێبەجێبکەن. کەرتی گەشتیاری و ھاتنی گەشتیاریش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە وەستاون، ھەرکات ژیان ئاسایی بووەوە، دەستدەکرێتەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر باس لەوە دەکات دەرگایان بەڕووی هەموو بازرگان و وەبەرھێنێک کردووەتەوە، کە بیانەوێت پڕۆژەی گەشتیاری بکەن، پلانی حکومەتیش وایە؛ پەرە بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی داهات، بۆ ئەمەش چەندین شوێنی گەشتیاری بودجەیان بۆ تەرخانکراوە لەپێناو ئاوەدانکردنەوەیان، بەڵام لەبەر وەستانی کەرتی گەشتیاری و بەھۆی ئەم بارودۆخەوە، جارێ پڕۆژەکان وەکو پێویست جێبەجێنەکراون.

لە کابینەی نۆیەم پلانی تۆکمە بۆ پەرەدان و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار دانراوە، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ حکومەت، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پرۆژە گەشتیارییەکان، هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان، نەتوانراوە وەکو پێویست پلانەکان جێبەجێ بکرێن.

 

هـ.ر.