18 ڕێکخراوی نوێی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران

فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان

ژمارەی کۆی گشتیی ڕێكخراوە ناحکوومییە بیانی و ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتە شەش هەزار و 339 ڕێکخراو.

چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "18 ڕێکخراوی نوێی بیانی و ناوخۆیی کە لە بوارەکانی ژینگە، تەکنەلۆجیا، پەروەردە، تەندروستی، مرۆیی، کولتووری، هونەری، ئایینی، دیموکراسی و گەنجاندا کار دەکەن، لە لایەن فەرمانگەکەمانەوە تۆمار کران. بەمەش، ژمارەی کۆی گشتیی ڕێكخراوە ناحکوومییە بیانی و ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان، گەیشتە شەش هەزار و 339 ڕێکخراو."

سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان باسی لــەوەش کرد "900 ڕێکخراوی ناوخۆ و بیانی فەرمانی کارگێڕیان بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان نوێ کردووەتەوە، هەر ڕێکخراوێک فەرمانی کارگێڕی نوێ نەکاتەوە، ناتوانێت هیچ چالاکییەک بەڕێوە ببات."

فەلاح حەسەن، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد "لەو ڕێکخراوانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، 515 ڕێکخراویان بیانین، پێنج هەزار و 824ـی دیکەش، ناوخۆیین."