حکوومەتی بەریتانیا هەڵمەتێک بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی دەست پێ دەکات

حکوومەتی بەریتانیا، هەڵمەتێکی بانگەشەیی لە عێراق، بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی سنووربڕین و بە نایاسایی چوونە بەریتانیا، دەست پێ دەکات.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاندووە، هەوڵی سەرکوتکردنی باندەکانی قاچاخچییەتی دەدات، هاوکات ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی هەیە، کە ڕێژەکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە.
لە ماوەکانی ڕابردووشدا، بەریتانیا لە ڤێتنام و ئەلبانیا لە سەردەمی حکوومەتی پێشووی پارتی پارێزگاراندا، هەڵمەتی هاوشێوەی کردووە و بێجگە لە زمانەکانی ئینگلیزی، بە عەرەبی و کوردیش بڵاوکراوەیان بڵاو کردوونەتەوە، تیایاندا نووسراوە، هەوڵ مەدەن بە نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزی بپەڕنەوە، دەتانگەڕێنینەوە وڵاتەکانتان و مامەڵەی یاساییتان لەگەڵ دەکەین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنیا یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، 592 پەنابەر بە 11 بەلەم گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
کەناڵی ئینگلیزی، باشووری ئینگلتەرا لە باکووری فەرەنسا جیا دەکاتەوە، یەکێکە لە قەرەباڵغترین هێڵەکانی کەشتیوانی لە جیهاندا و گرنگییەکی مێژوویی و ئابووری و کولتووری بەرچاوی هەیە.
درێژیی کەناڵەکە نزیکەی 560 کیلۆمەتر و پانییەکەی لە 240 تا 34 کیلۆمەتر و قووڵییەکەی 120 مەترە.
کۆچی نایاسایی تێکڕای ساڵانە:
2021: نزیکەی 28300 پەنابەر کەناڵەکەیان بەزاند.
2022: نزیکەی 45 هەزار و 755 پەنابەر لە کەناڵەکەدا پەڕیونەتەوە.
لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2023 زیاتر لە 26,000 پەنابەر بە کەناڵی ئینگلیزیدا چوونتە بەریتانیا
کۆچی نایاسایی تێکڕای مانگانە:
2022: نزیکەی 3800 پەنابەر لە مانگێک
2023: نزیکەی 2900 پەنابەر لە مانگێک.