سەرۆک ئەرکانی نوێی ئیسرائیل: 2025 ساڵی جەنگە
ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی نوێی ئیسرائیل، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوونی پۆستەکەی، چەند گۆڕانکارییەکی لە سەرکردایەتیی سوپای ئیسرائیلدا کرد و لە شوێنی هێرزی هالێڤی دەستلەکارکێشاوەی گرتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیلەوە بڵاویان کردووەتەوە، زامیر بڕیاری داوە مەیجر جەنەراڵ یانیڤ عاسور، وەک فەرماندەی فەرماندەیی باشوور، و ئیتزیک کۆهین، وەک سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکان و بەرزکردنەوەی بۆ پلەی مەیجر جەنەراڵ.
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەرکانی نوێی سوپای ئیسرائیل گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەیی لە سوپای ئیسرائیل پەسەند کرد و ساڵی 2025ـی بە "ساڵێکی شەڕ و بایەخدان بە غەززە و ئێران" دادەنێت.
ئێوارەی چوارشەممە، زامیر بە فەرمیی پۆستەکەی گرتە ئەستۆ و شوێنی هالێڤی گرتەوە کە لە مانگی 1ـی ڕابردوو دەستی لە کار کێشایەوە و بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕاگەیاند.
بەپێی کەناڵی 14، زامیر بڕیاریدا "فیرقەی ستراتیجی و ئێران" کە لە ساڵی 2020 پێک هێنرا هەڵبوەشێتەوە و لیوایەکی تانکی زیادە دابمەزرێنێت و لێکۆڵینەوە لە دامەزراندنی لیوایەکی پیادەی زیادە بکات و یەکەکانی سیخوڕی زرێپۆش کە هەڵوەشێنراونەتەوە پێک بهێنرێنەوە.
زامیر، ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی 2025 "ساڵێکی جەنگ دەبێت. بە بایەخدان بە غەززە و ئێران و پاراستن و قووڵکردنەوەی دەستکەوتەکان لە گۆڕەپانەکانی دیکەدا".
سەرۆک ئەرکانی نوێی ئیسرائیل باسی لە پرسی دیلەکانی غەززە کرد و گوتی "گەڕانەوەیان ئەرکێکی ئەخلاقییە" و "سوپای ئیسرائیل کار بۆ گەڕاندنەوەی هەموویان دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد، تا گەڕانەوەیان وێنەی ئەو زیندانیانە لە دیوانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل نمایش دەکرێن.