پارێزگایەکی ئێران لێکۆڵینەوە لە هۆکانی پشت دابەزینی هەناردەکردن بۆ ڕووسیا و عێراق دەکات
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ئێران دووپاتی کردەوە، هەناردەی ئەو پارێزگایە بۆ ڕووسیا و عێراق بە بەراورد لەگەڵ زیادبوونی بۆ تورکیا و وڵاتی دیکە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەهرام سەرمەست، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە ئێران ڕایگەیاند "ڕووسیا و عێراق بازاڕێکی باشن بۆ بەرهەم و هەناردەی پارێزگاکە و لە ڕێگەی پلاندانان و سوودوەرگرتن لە بۆچوونی پسپۆڕان، پێویستە پرۆسەی هەناردەکردن بۆ ئەو دوو وڵاتە گەشە بکات."
جەختیشی کردەوە، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات توانایەکی زۆری هەیە، دەبێت بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی پارێزگاکە بەکاری بهێنین، بەتایبەت پەرەپێدانی هەناردەکردن و گۆڕینی بۆ ناوەندێکی هەناردەکردن. جەختیشی لە دەستنیشانکردنی دەرفەتەکانی هەناردەکردن و وەبەرهێنان لە پارێزگاکەدا کردەوە و گوتی: پێویستە هەموو توانا و دەرفەتەکان بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکە کارا بکرێن.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پەرەپێدانی وێستگەکانی هەناردەکردن لە پارێزگاکەدا کرد و ئاماژەی بەوەش کرد: پەرەپێدانی وێستگەی "هاڤ" دەتوانێت پارێزگاکە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی هەناردەکردن لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتدا.
ڕوونیشی کردەوە "لەماوەی 10 مانگی یەکەمدا هەناردەکردن بۆ تورکیا بەڕێژەی لەسەدا 80 زیادی کردووە، بەڵام هەناردەکردن بۆ ڕووسیا بەڕێژەی زیاتر لەسەدا 70 کەمی کردووە، هەناردەکردن بۆ عێراقیش کەم بووەتەوە، هەرچەندە بەشێکی ئەم کەمبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی کارتی هەناردەی یەکجار بەکار هاتوو."