بەریتانیا: لە ماوەی 15 ساڵدا زیاتر لە 170 دایک بە دەستی کوڕەکانیان کوژراون

ڕێکخراوێکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، لە کۆی کوژرانی دوو هەزار ئافرەت، زیاتر لە 170 ئافرەت بە دەستی کوڕەکانیان کوژراون. 

ڕێکخراوی ' Femicide Census' بڵاوی کردەوە، لە ساڵی 2009ەوە تا ئێستا، دوو هەزار ئافرەت لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، کە لە هەر 10 قوربانییەک یەکێکیان بە دەستی کوڕەکەی کوژراوە.

ڕێکخراوەکە دەری خستووە. کە 58%ـی کوشتنی دایکان پەیوەندییان بە کێشەی دەروونیی منداڵانەوە هەیە.

کارین ئینگالا سمیس، هاوبەشی دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە دەڵێت: "پێشێلکاری لەلایەن کوڕانەوە بەرامبەر دایکیان ڕاستیەکی پڕ لە ئازارە کە گرنگی پێ نادرێت، ئەو ژمارانەی کە هەمانە تەنیا بەشێکی کەمی کارەساتەکە دەردەخەن، چونکە قوربانیانی زۆرتر هەن لە ئازاری بێدەنگیدا دەژین بەبێ ئەوەی ئازارەکانیان بخرێتەڕوو."

شارەزایان ئاماژەیان داوە، چەند هۆکارێکی سەرەکی لەپشت ئەم تاوانانەوە هەن، لەوانە کێشەی دەروونی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمە جگە لەوەی پێگەیشتووان لەگەڵ دایکیان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەهۆی قەیرانی نیشتەجێبوون دەمێننەوە، هەروەها دەشڵێن، هەندێک لە کوڕان توندوتیژیی بەرامبەر بە دایکیان بە کردەیەکی ئاسایی و بەردەست دەزانن!

لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی ئەم دواییەدا، کە لەلایەن پرۆفیسۆر ڕەچەڵ کۆندری و دکتۆر کارۆلین مایڵز، لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و مانچستەر، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەی ئاماژەی پێ دراوە، کراوە، دەرکەوتووە 70%ـی ئەو پیاوانەی لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2021 دایک یان داپیرەیان کوشتووە، تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment