جوینی ڕووەکی قات لای یەمەنیەکان سەرچاوەی دڵخۆشییە

جوینی ڕووەکی قات لای بەشێکی زۆری یەمەنیەکان سەرچاوەی سەرەکی کەیف و دڵخۆشییە، ئەو کەسەی بەردەوام قاتی لەدەمە پێی دەڵێن: مەولەعی، ئەو کەسانەشی پێکەوە قات دەخەنە دەمیان پێیان دەگوترێت مەوالیعە.

لە زۆرینەی ناوچەکانی یەمەن، کێڵگەی تایبەت بە چاندنی قات هەیە، ئەمەش یەکێکە لەوان. هەروەها بازاڕەکانی یەمەن بەشەودا بەشێوەیەکی چالاکانە کڕینی و فرۆشتنی قاتیان تێدا دەکرێت.

بەشێک لە فرۆشیارەکان، وازیان لەبازاڕی قەرەباڵغ هێناوە و دووکانی تایبەت بەخۆیان داناوە و کڕیاری تایبەتیان هەیە.

حەمدی نەجیب، کڕیاری قات بە کوردستان24ـی گوت: ئەوکاتانەی کاردەکەم، بەدوای جۆرێکی ناوەند لە قات دەگەڕێم، کە نرخەکەی گونجاو بێت، بەڵام ئەو کاتەنەی لەگەڵ هاوڕێکانم کۆببمەوە، قاتێکی ناوازە و تام خۆش دەکڕم.

بەشێوەیەکی گشتیی، لە شارە گەشتیارییەکانی یەمەن باخچەی کراوە هەن بۆ کۆبوونەوەی هاوڕێیان و خێزانەکان، بەلای یەمەنییەکانەوە دانیشتن لە هەوای کراوە، بژاردەیەکی دروست و گونجاوە. لەبەرامبەردا ژمارەیەکی دیکە گەنج هەن دەیانەوێت لە ژووری داخراو پێکەوە دابنیشن و مەجلیسیان گەرم بکەن. گەنجەکان قات دەخەنە دەمیان و گفتوگۆ لەسەر بابەتی جیاواز دەکەن لەوانە؛ بابەتی سیاسی و ئابووریی و کلتووریی. هەندێک کات گۆرانیش دەڵێن.

سەعید عەبەسی، هاووڵاتی یەمەنی دەڵێت: من قات دەخەمە دەممەوە چونکە وزەم پێدەدات، هەروەها هاوکاریم دەکات لە کردنی کارەکانم، لەلایەکی دیکەوە هاوکاریم دەکات لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەرم، بەڵام جوینی قات لەگەڵ هاوڕێیان خۆشە.

لە دێر زەمانەوە، جوینی قات بووەتە خوی یەمەنییەکان و بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەیان، یەمەنییەکان شوێنی تایبەتیان هەیە بۆ خواردنی قات و کۆبوونەوە، لەبەرامبەریشدا هەندێک کەس ڕەخنە لەم خووە دەگرن و بە بەفیڕۆدانی کات و پارە وەسفی دەکەن.

هەمووان دەزانن جوینی قات زیانی تەندروستیی زۆری هەیە، هەروەها ئالودەیان دەکات، بەڵام بەلای زۆرینەی یەمەنییەکانەوە دەست هەڵگرتن لە قات قورسە.

ئەیمەن قادر/ پەیامنێری کوردستان24