وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هەوڵی هاککردنی هەژماری فەیسبووکی هاووڵاتییان دەدرێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەکارهێنەرانی فەیسبووک ئاگادار دەکاتەوە، هەوڵێک هەیە بۆ دزینی هەژمارەکانیان و دەستخستنی زانیاریی تایبەتیان.
شەممە، 08-03-2025، ناوەندی ئاسایشی ئەلیتکترۆنیی عێراقی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵییە، ئاگادارییەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی "پەیامێکی ساختە" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ئاگادارییەکە "پەیامێکی ساختە بۆ بەشێکی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووك چووە، پێیان گوتراوە، بەهۆی پێشێلکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی پلاتفۆرمەکە، هەژمارەکانیان دادەخرێن. هاوکات داوایان لێ کراوە، بۆ دڵنیابوون لە ناسناماکەیان، بەستەر (لینکێک) بکەنەوە."
ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی عێراقی دووپاتی کردووەتەوە، ئامانج لەم پەیامە ساختانە دزین (هاککردن)ـی هەژماری فەرمیی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە زانیاریی تایبەتیی بەکارهێنەران بەدەست بخەن.
ناوەندەکە داواش لە هاووڵاتییان دەکات، هیچ بەستەر (لینکێک) نەکەنەوە و زانیاریی تایبەتی خۆیان تۆمار نەکەن، تاوەکوو دڵنیا نەبنەوە لەوەی ماڵپەڕەکە ساختە نییە.
بە گوێرەی ئامارەکانی ناوەندی میدیایی دیجیتاڵی (دی ئێم سی)، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە عێراق زیادی کردووە و بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 20 ملیۆن و 100 هەزار کەس.