بارسێلۆنا رووبەڕووی یانە مەترسیدارەكە دەبێتەوە
ئەم یانەیەی لەم وەرزە بارسێلۆنای تووشی شكستێكی قورس كرد دیسان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە
بارسێلۆنا لە پێناو پارێزگاریکردن لە پێشەنگایەتی خولی ئیسپانیا و زیادکردنی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکانی، لە گەڕی 27 خولەکە لە یاریگای خۆی رووبەڕووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە.
بارسێلۆنا دوای شەش بردنەوەی لەسەریەک لە خولەکە، ئەمشەو 23:00 بە کاتی هەولێر و لە یاریگای خۆی، رووبەڕووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە. بلاوگرانا ئەم وەرزە پێنج دۆڕانی هەیە و یەکێک لە دۆڕانەکانیشی کە گەورەترین دۆڕانی ئەم وەرزەیە، بەرامبەر ئۆساسۆنایە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر چوار گۆڵ، لە یاریگای ئەو یانەیە دۆڕاوە.
بارسا پێش ئەم یارییە لە کۆی 26 یاری، خاوەنی 18 بردنەوە و پێنج دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ و بە جیاوازی تەنها یەک خاڵ لەگەڵ ئاتڵیتیکۆ مەدریدی دووەمی ریزبەندی و سێ خاڵ لەگەڵ ریاڵ مەدریدی سێیەم، پێشەنگی خولەکەی گرتووە، لە ئەگەر دۆڕان لەم یارییە و بردنەوەی رۆخێ بلانکۆس، ئەو کاتە پێشەنگایەتی خولەکە لەدەست دەدات.
هانزی فلیگ راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، هەمیشە گووتومە ئەو یارییانە زۆر قورسن، ئۆساسۆنا یاری چوون کێشەی زۆری بۆ دروستکردوون، بۆیە داوای لە یاریزانەکانی کردووە، زۆر بە وریایی مامەلە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
تەواوی لێدوانەكانی فلیك لەبارەی یارییەكە:
هەمیشە دەیڵێمەوە ئەمجۆرە یارییانە زۆر قورسن، لە یاریی چوون و ئەوان لە یاریگای خۆیان فشارێکی زۆریان لەسەر ئێمە دروستکرد و تووشی کێشە بوین، بەڵام ئەمجارە دڵنیام یارییەکی جیاواز دەبێتە و ئامادەکاری باشیشمان بۆ یارییەکە کردووە. هێشتا بڕیاری کۆتاییم لەسەر پێکهاتەکە نەداوە، دەمەوێت باشترین یاریزانەکان بۆ پێکهاتەکە دەست نیشان بکەم، ئێمە تاوەکو ئێستا بەباشی کارمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، دەمانەوێت بۆ ئەم یارییەش بە هەمان شێوە بین. پێدری ئەمڕۆ لەگەڵ یاریزانەکان دەبێت، ئەو یاریزانە ئاستێکی باش پێشکەش دەکات و بە باشی راهێنان و ئامادەکاریش دەکات، بەڵام دەبێت رەچاوی دۆخەکەی بکەین و تاوەکو ئیستاش، بڕیارمان لەسەر یاری کردنی یاخود یاری نەکردنی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا نەداوە.