هۆڵەندا دەستگیرکردنی سێ گومانلێکراوی ئاگرەکەی شاری 'ئارنهم' ی ڕاگەیاند

بەرەبەیانی ڕۆژی 6ـی ئاداری 2025 ئاگرێکی گەورە لە شەقامی یانسسترات لە ناوەندە مێژووییەکەی شاری "ئارنهم"ی هۆڵەندا کەوتەوە، دوێنێ ئێوارە پۆلیس دەستگیرکردنی سێ گومانلێکراوی ڕاگەیاند.

بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو،  ئاگر لە دوکانی سۆلۆ لە شەقامی یانسسترات کەوتەوە، هەرچەند تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە پەلە گەیشتنە شوێنەکە، بەڵام ئاگرەکە بە خێرایی چەندان دوکان و ماڵی گرتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پۆلیس، نزیکەی 30 باڵەخانە و دوکان لەو ناوەندە مێژووییەدا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18 و 19، بە تەواوەتی سووتاون وێران بوونە. 

سەرۆکی شارەوانیی ئارنهم، ئەحمەد مارکۆش، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند "کارەساتێکی گەورە لە شارەکەمان ڕووی دا. شوێنەواری ئەو وێرانکارییە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. پۆلیس سێ گومانلێکراوی دەستگیر کردووە کە بە گوێرەی دیمەنی کامیراکانی چاودێریی، ئەو کارەساتەیان ناوەتەوە."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پۆلیس، ڕۆژی هەینی  شەقامەکە پاککراوەتەوە و هاتوچۆی پاسی گواستنەوەی گشتیی ئاسایی بووەتەوە. هەرچەند نۆژەنکردنەوەی دوکانە سووتاوەکان ماوەیەکی زۆری دەوێت."

ئارنهم دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی هۆڵەندا و لە سنووری ئەڵمانیاوە نزیکە. لە کاتی جەنگی دووەمی جیهاندا یەکێک لە شەڕە قورسەکان لەو شارە ڕووی داوە ئێستەش بە ناوی شەڕی ئارنهم لە مێژوودا ناو دەبرێت.