جەهەپە نەخشەڕێگەیەکی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی ئامادە کردووە

گردبوونەوەی لایەنگرانی جەهەپە (وێنە: میدیاکانی تورکیا)
گردبوونەوەی لایەنگرانی جەهەپە (وێنە: میدیاکانی تورکیا)

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە گوتارێکدا، لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، نەخشەڕێگەیەکی 20 خاڵییان بۆ بەدیموکراسیکردنی تورکیا و باکووری کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی نوێی ئاشتی ئامادە کردووە .

سەرۆکی جەهەپە باسی لەوەش کرد "ئەگەر هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەت دەم پارتی بیانەوێت پرسی کورد چارە بکرێت، پێویستە پشتیوانی لەم نەخشەڕێگەیە بکەن."

لە بەشێکی نەخشەڕێگەکەی جەهەپەدا هاتووە "پێویستە سیاسەتی قەیووم کۆتایی پێ بهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوانەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی نوێێ ئاشتی و پرسی کورد، دەستیان پێ کردووە، سەربگرن و دەبێت کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ ئەم مەبەسەتە دابندرێت."

لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە "پێویستە یاسا ڕێکبخرێتەوە و یاسای جێبەجێکردن بەپێی ستانداردە گشتگیرەکانی مافی مرۆڤ بێت." هاوکات بەپێی نەخشەڕێگەکەی جەهەپە "پێویستە ماددەکانی دژە دیموکراسی لە یاسای سزادانی تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕێکخستنی بۆ بکرێت."

 لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین، خاڵیکی دیکەی پاکێجەکەیە، هاوکات داوا کراوە سزاکانی دژی بەکارهێانی قسەی ڕق و کینە زیاد بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، وا بڕیارە سبەینێ دووشەممە، 10-03-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کــە لە تولای هاتیمئۆغوڵلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە پێک هاتووە، لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بکەن.

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment