ئەمەریکا و مافی مرۆڤ داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کۆمەڵکوژکردنی پێکهاتەیەکی سووریا دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و کۆمیسیاری مافی مرۆڤ، داوای بەپەلە وەستاندنی کۆمەڵکوژی سووریا دەکەن و داوا دەکەن، دەسەڵاتی نوێی سووریا بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە سزا بدات.
فۆلکەر تورک، کۆمیسیاری مافی مرۆڤ داوای کرد، بەپەلە ئەو شاڵاوە ڕاگرن کە تێیدا خەڵکی مەدەنی و سڤیل بە کۆمەڵ لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەکوژرێن، دەشڵێت: ئەو کۆمەڵکوژییە لەسەر بنەمای تایفی دەکرێت.
یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، فۆلکەر تورک، کۆمیسیاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد، پێویستە دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵێنەوەیەکی ورد و شەفاف بکرێت لەو هەموو کۆمەڵکوژییەی کراوە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەش بکرێت کە بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییەکە.
کۆمیسیاری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئەگەر دەسەڵاتی نوێی سووریا نیازی ئەوەی هەیە ڕێز لە یاسا بگرێت، پێویستە دەستبەجێ دەست بە لێکۆڵینەوە بکات بۆ پارێزگاریکردن لە هاووڵاتییانی سووریا و پاراستنی مافەکانیان.
هەر لەبارەی ڕووداوەکانی سووریا، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وێڕای ئەوەی سەرکۆنەی کۆمەڵکوژیی خەڵکی سڤیلی سووریای کرد، ڕایگەیاند: کۆمەڵکوژی دەرهەق بە پێکهاتەکانی سووریا دەکرێت، پێویستە دەسەڵاتی سووریا لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکات.
ڕۆبیۆ گوتیشی: پاڵپشتی لە پێکهاتەی ئاینی سووریا دەکەین.