کرێملن: ئەگەر ئێران لە وەڵامی نامەکەی ترەمپ ڕاوێژی بە ڕووسیا کردبا هانی دانوستانمان دەدا

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لەبارەی وەڵامی نامەیەکی دۆنالد ترەمپ، ڕایگەیاند، ئێران خاوەن بڕیاری سیاسیی خۆیەتی، بەڵام ئەگەر تاران ڕاوێژی بە ڕووسیا کردبا، هانی دانوستان و ڕێککەوتنیان دەدا.

دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەگەر تاران بەر لە وەڵامدانەوەی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، ڕاوێژی بە ڕووسیا کردبا ئەوە هانی دانووستان و ڕێککەوتنامەیان دەدا.

دیمیتری پیسکۆڤ لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا تاران لەبارەی نامەکەی ترەمپ ڕاوێژی بە ڕووسیا کردووە؟ گوتی: نەخێر، ئێران خاوەنی سەروەری و بڕیاری سیاسیی خۆیەتی.

هەروەها ڕاشیگەیاند، ئێران لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر ئامادەیە دانوستانێکی بونیاتنەرانە لەگەڵ ئەمەریکادا بکات.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، برایان هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "هیوادارین حکوومەتی ئێران بەرژەوەندییەکانی خەڵکەکەی و ڕژێمەکەی بخاتە سەرووی تیرۆرەوە."

هیوز، لە بارەی قۆناغی داهاتووی ئیدارەی ترەمپ بۆ چۆنییەتی مامەڵە لەگەڵ ئێران ئاماژەی دابوو "دەتوانرێت لە ڕێگەی سەربازییەوە یان لە ڕێگەی دانوستان مامەڵە لەگەڵ تاران بکرێت."

هه‌ینی، 7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، ڕایگەیاند، لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردبوو.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا هیوام خواست کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت.

شه‌ممه‌، 8ـی ئاداری 2025، عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگه‌یاندبوو، تاران هه‌رگیز به‌و داواكارییانه‌ ڕازی نابێت كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی لێ ده‌كه‌ن.

عه‌لی خامنه‌یی جه‌ختی كرده‌وه‌، ناچێته‌ ژێر بار و فشاری دانوستانی هیچ وڵاتێكی به‌ڵته‌جی. گوتیشی، هه‌ندێك وڵاتی خۆسەپێن سوورن له‌سه‌ر دانوستان، نه‌ك بۆ چاره‌كردنی پرس و كێشه‌كان، به‌ڵكوو بۆ سه‌پاندنی داواكارییه‌كانیان.