زێلێنسکی بۆ گفتوگۆی ئاشتی گەیشتە سعوودیە

محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، شازادەی جێنشینی سعوودیە، ئەمڕۆ لە دیوانی شاهانە لە کۆشکی سەلام لە شاری جددە پێشوازیی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی سعوودی (SPA)، ڕێوڕەسمی پێشوازیی فەرمی لە سەرۆکی ئۆکرانیا بەڕێوە چوو.

شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆکی ئۆکرانیا وتووێژیان کرد.

 لە میانی دانیشتنەکەدا پێداچوونەوە بە لایەنەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و دوایین پێشهات و قەیرانی ئۆکرانیا تاوتوێ کرا، شازادەی جێنشینی سعوودییە جەختی لە وردبینی و پشتیوانیی شانشینی سعوودیە بۆ هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی چارە کردنی قەیرانەکە و بەدیهێنانی ئاشتی کردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵانەی شانشینی سعوودیە دەربڕی و ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی شانشینی سعوودییە  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد.

کۆبوونەوەکە لە جددە ڕۆژێک پێش دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا کرا، کە واشنتن هیوادارە پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەدەست بهێنێت.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA) ڕایگەیاند، پێشتر زێلێنسکی ڕایگەیاندبوو، تیمێک کە پێک هاتووە لە ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی، ئەندری سیپیا، وەزیری دەرەوە و ڕوستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی، ڕۆژی سێشەممە بەشداریی دانوستانەکان دەکەن. لە کاتێکدا مارکۆ ڕۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرکردایەتی تیمی ئەمەریکا دەکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، بەشداریی دانوستانەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا ناکات.