کۆمیسیۆنی ئەورووپا: ئەو پەنابەرانەی داخوازییەکانیان ڕەت کراوەتەوە بە زووترین کات ئەورووپا جێبێڵن

کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەیەوێت ئەو پەنابەرانەی داخوازییەکانیان ڕەت کراوەتەوە، بە زووترین کات وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەجێ بهێڵن. 

کۆمیسیۆنی ئەورووپا، داوا دەکات وڵاتان پابەندیی خۆیان بە بڕیارەکانی کۆمیسیۆن، سەبارەت بە دەرکردنی ئەو پەنابەرانەی داخوازیی پەنابەرییان ڕەت کراوەتەوە، جێبەجێ بکەن. هەروا دەبێت ئەو کەسانەی مۆڵەتی ئاکنجییان نییە، بگەڕێنرێنەوە بۆ دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا. 

لایحەی نوێی گەڕانەوە، کە کۆمیسیۆن ئەمڕۆ 11ـی ئادار پێشکەشی  کرد، دوا بەشی ڕێککەوتننامەی کۆچی ئەورووپاییە و ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی پیشکەشکردنی دەکرا. ئێستە تەنیا لەسەدا بیستی کۆچبەران پابەندی بڕیاری دادگا دەبن کە داوایان لێ دەکات وڵاتەکە بەجێ بهێڵن. کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە پێشنیازەکەیدا، کە هێشتا ڕانەگەیەنراوە، دەڵێت: کاتێک خەڵکانێک بەبێ مۆڵەتی ئاکنجی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەمێننەوە، دەبنە هۆی تێکچوونی سەرلەبەری سیستەمی کۆچ و پەنابەری." 

کۆمیسیۆن، داوای زیاتر یەکخستنی یاساکانی پەنابەریی دەکات و دەڵێت: بە گوێرەی سیستەمی ئێستە، 27 بڕگەی یاسایی جیاواز بۆ داخوازیی پەنابەریی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەن، ئەمەش وا دەکات پەنابەران بتوانن لە کاتی ڕەتکردنەوەی داخوازییەکانیان لە یەکێک لەو وڵاتانە، پەنا بۆ وڵاتێکی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا ببەن."

کۆمیسیۆن داوا دەکات بڕیارەکانی ناردنەوەی پەنابەران و کۆچبەران ڕوون و یەکلاکەرەوە بێت. هەروا دەبێت ئەوانەی کە داخوازیی پەنابەرییان ڕەت دەکرێتەوە، بۆ ماوەی دە ساڵ مافی هاتنیان بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا نەبێت.
کۆمیسیۆن دەیەوێت ئەم بڕیارە لە ساڵی 2027 ەوە جێبەجێ بکرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment