دەم پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ سێ پارتی دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە

لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

شاندی دەم پارتی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ هەر سێ پارتی سەعادەت، ئاییندە و کرێکارانی تورکیا تاوتوێ دەکات. 

گەڕی دووەمی سەردانەکانی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ لای پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ چوارشەممەش، 12-03-2025، شاندەکە سەردانی سێ پارتی دیکەی سیاسی دەکەن. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-03-2025، توڵای هاتیمئۆغڵولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی پارتی سەعادەت، پارتی ئاییندە و پارتی کرێکارانی تورکیا دەکەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

وا بڕیاریشە، بۆ هەمان مەبەست، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، 17-03-2025، شاندەکەی دەم پارتی، سەردانی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بکەن. 

گەڕی دووەمی سەردانەکانی شاندی دەم پارتی، ڕۆژی 10ی ئەم مانگە دەستی پێ کرد و سەرەتا شاندەکە لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی ڕەنجدەران و پارتی دواڕۆژ (دەڤا) کۆبووەوە و تاتوێی قۆناغی دوای پەیامەکەی ئۆجەلان و پرۆسەی نوێی ئاشتییان کرد. 

پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."

 
Fly Erbil Advertisment