دەیان خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل بەرەو عێراق بەڕێ کەوتن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، بە هەماهەنگی نێوان هەسەدە و حکوومەتی عێراق، دەیان خێزانی چەکدارانی داعش، کەمپی هۆلیان بەرەو عێراق بەجێ هێشت.

ئیدارەی کەمپی هۆل بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، 161 خێزانی عێراقی کە لە 607 کەس پێکدێن، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان کەمپەکەیان جێ هێشت.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو خێزانانە لە ڕێگەی ئەو پاسانەوە دەگوازرێنەوە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نێردراون، هەروەها لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە تاوەکو سنووری عێراق دەپارێزرێن و لەوێشەوە دەگوازرێنەوە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا.

ئیدارەی کەمپەکە دووپاتی کردەوە، هەماهەنگیی لە نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی عێراق بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو عێراقیانەی ئارەزوو دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

لە یەکێک لەخاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، ئەوەیە وردە وردە  ئیدارەدانی کەمپی هۆل و سنوورەکانی سووریا لەگەڵ عێراق ڕادەستی حکوومەتی سووریا دەکرێتەوە. 

کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری شاری حەسەکەی سووریا، کە خێزانەکانی چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەر کراون و لەژێر کۆنتڕۆڵ و ئیدارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان.

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، عێراق ترسی لە گەڕانەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 هەیە، کە داعش توانی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق کۆنترۆڵ بکات.

تا مانگی نیسانی ساڵی 2019ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە بە 74هەزار کەس مەزەندە کراوە کە لە مانگی ئەیلوولی 2019دا، ئاماژە بەوە کراوە، کەمپەکە نزیکەی 20 هەزار ئافرەت و 50 هەزار منداڵی خێزانی چەکدارانی داعشی تێدا بووە، هەروەها لەلایەن 400 چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پاسەوانی دەکرێت.

وێنەی ئەو پاسانەی خێزانەکانیان پێ دەگوازرێتەوە 
 


 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment