وڵاتانی عەرەبی لەبارەی پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەگەڵ نوێنەری ترەمپ ڕێککەوتن

وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی، لەسەر درێژەدان بە ڕاوێژکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە ڕێککەوتن.
چوارشەممە 12ـی ئاداری 2025، وەزیرانی دەرەوەی میسر، سعوودییە، ئوردن، قەتەر، ئیمارات، سکرتێری ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین و نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەوحە کۆبوونەوە و هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و پلانی میسریان لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە تاوتوێ کرد و پشتوانیی خۆیان بۆ دانیشتووانی کەرتەکە دووپات کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر درێژەدان بە ڕاوێژکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە ڕێککەوتن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە غەززە و پێویستی دەستپێکردنی هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە لەسەر بنەمای چارەی دوو دەوڵەتی، کردەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی کۆکردنەوەی بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە کراوە، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی میوانداریی میسر لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی نێودەوڵەتی بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی فەڵەستین."
سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، لووتکەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرەی پایتەختی میسر، تایبەت بە دۆخی غەززە و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بەڕێوەچووە و پێشوازییان لە پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە کرد.
ئەم پلانە لە وەڵامی پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە و نیشتەجێکردنی زۆربەیان لە ئوردن و میسر.
قەتەر و میسر هاوشانی ئەمەریکا، نێوەندگیریی لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەکەن، بە ئامانجی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستگیر کران.
پلانی میسر لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە
بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، پلانەکەی میسر لە 112 لاپەڕە پێکهاتووە و نەخشەکانی بە زیرەکی دەستکرد دروست کراوە و باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون و فڕۆکەخانە و هۆتێل و چەندین شوێنی دیکەش لەخۆ دەگرێت.
ئاشکراشی دەکات، پلانی میسر بۆ بونیادنانەوەی کەرتی غەززە پێنج ساڵ دەخایەنێت، تێچووی جێبەجێکردنی پلانەکە نزیکەی 53 ملیار دۆلار دەبێت، بەڵام ئەو لایەنەی بنیادنانەوەی غەززە پارەدار دەکات دەستنیشان نەکراوە.
ئاژانسەکە دەڵێت: لە سەرەتادا بۆ ماوەی شەش مانگ پاشماوە و داروپەردووەکان کۆدەکرێنەوە و یەکەی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ دانیشتووانی غەززە دادەنرێت، دواتر لە دوو ساڵی یەکەمی پلانەکەدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە غەززە بنیاددەنرێت و تێچووەکەشی 20 ملیار دۆلار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغی دووەمدا 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە و فڕۆکەخانەیەك لە کەرتی غەززە بنیاددەنرێت و تێچووەکەش 30 ملیار دۆلار دەبێت.
لەبارەی ئایندەی بەڕێوەبردنی غەززە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پلانەکەی میسر بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاند، بنیادنانەوەی غەززە پێویستی بە ڕێخکستنەوە بۆ دەسەڵاتی راگوزەر و دابینکردنی ئاسایش هەیە و کەرتی غەززەش بەشێکی جیانەکراوەی خاکی فەڵەستینە.