حەماس پێشوازیی لە پاشەکشەی دۆناڵد ترەمپ، لە بانگەوازی ڕاگواستنی دانیشتوانی کەرتی غەززە کرد

حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس پێشوازیی لە پاشەکشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بانگەوازی ڕاگواستنی دانیشتوانی کەرتی غەززە کرد.

قاسم داوای لە ترەمپ کرد لە دیدگای توندڕەوی ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە.

لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ مایکڵ مارتن، سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا لە کۆشکی سپی، ترەمپ ڕایگەیاند "کەس نایەوێت فەڵەستینییەکان لە غەززە دەربکات."

ترەمپ، لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی نوێی سەرۆکایەتیی لە مانگی یەکەوە، ئیسرائیلی وەک هاوپەیمانی نزیکی خۆی ناو برد، هەروەها ڕایگەیاند، پێویستە هەموو فەڵەستینییەکان لە غەززە دوور بخرێنەوە بۆ ماوەیەکی کاتی، دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی بەردەوامی ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەکرێت.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ڕۆژی چوارشەممە، بۆ ستیڤ ویتکۆف نێردراوی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیان کردەوە لەسەر بایەخی پەسەندکردنی پلانی عەرەبی بۆ بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە و ئاگربەست و چارەی دوو دەوڵەت.

وەزیرانی دەرەوەی میسر، قەتەر، عەرەبستان و ئوردن، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیمارات و سکرتێری گشتیی دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوحە کۆبوونەوەیەکیان کرد.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان "پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززەیان خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی کە لە 4ـی ئاداری 2025 لە قاهیرە ڕاگەیەنرا."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان جەختیان لە "بایەخی ئاگربەست لە غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و پێویستی دەستپێکردنی هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە لەسەر بنەمای چارەی دوو دەوڵەتی، کردەوە."

لە ٤ـی ئاداردا وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی پلانێکیان پەسەند کرد کە میسر پێشنیاری کردبوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەبێ ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی، کە تێچووی تا 53 ملیار دۆلار بوو.