دوای 20 ساڵ، ئاگر بووە فریادڕەسی گەنجێکی ئەمەریکی

لە ویلایەتێکی ئەمەریکا، پۆلیس گەنجێکیان لە دەستی باوەژنەکەی ئازاد کرد، کە 20 ساڵ بوو، لە ژوورێکی لە ماڵەکەیدا زیندانیی کردبوو.

کارمەندانی تیمی بەرگریی شارستانیی شارۆچکەی واتەربێری لە ویلایەتی كەنێتيكت ئاشکرایان کردووە، دوای ڕزگارکردنی ئافرەتێک لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە ماڵەکەیدا، بۆیان دەرکەوتووە زڕ کوڕەکەی دوای بێهیوابوون، بە ئەنقەست ماڵەکەیانی سووتاندووە بۆ ئەوەی ئاگرکەوتنەوەکە بکاتە دەرفەتێک تاوەکوو لە دەستی باوەژنەکەی و ئەو ژوورە بچووکەشی 20 ساڵ تێدا زیندانی بووە، ڕزگاری بێت.

پۆلیسی فیدراڵی، ناسنامەی کوڕە گەنجەکەی ئاشکرا نەکردووە، تەنیا بڵاوی کردووەتەوە، تەمەنی 32 ساڵە و کێشی تەنیا 30 کیلۆیە، ئاگری لەو ژوورە بچووکە بەرداوە، کە تێیدا زیندانی بووە، بۆ ئەوەی سەرنجی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن ڕابکێشت و لەو مەینەتییەی تێدایە، ڕزگاری بکەن.

دوای نزیکەی مانگێک لە ئاگرکەوتنەوەکە، پۆلیس دوێنێ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025، کیمبەرلی سۆلیڤانی تەمەن 56 ساڵی بە تاوانی ڕفاندنی مرۆڤ و زیندانیکردن، دەستگیرکرد.

فێرناندۆ سپاگنۆلۆ، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکەی واتەربێری، ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: قوربانییەکە لە تەمەنی 11 ساڵییەوە توندوتیژیی بەرانبەر کراوە و ئەو ئازارەی بۆ زیاتر لە 20 ساڵ بەرگەی گرتووە، تراژیدیی و دڵتەزێنە.

هەروەها ئاماژەی داوە، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە، ئەو گەنجە بە برسیکردن و ئەشکەنجەدان، مامەڵەیەکی نا مرۆڤانەی لەگەڵ کراوە.

دەستگیرکردنی تاوانبار کیمبەرلی سۆلیڤانی تەمەن 56 ساڵ