گۆڤارێکی ئەمەریکی: بەسەپاندنی سزا بەسەر بەغدا، ئێران بەم زووانە مانگا شیردەرەکەی لە دەست دەدات

گۆڤاری 'فۆرن ئەفەیرس' کە نزیکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هەنگاوی ئەمەریکا کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا و بە 'مانگای شیردەر'ـی بۆ ئابووری ئێران وەسف کردووە.
گۆڤارەکە ڕایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق کە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆمترۆڵی کردووە، سەرەڕای نزیکیان لە ئێران، لە ماوەکانی ڕابردوودا سازشی گەورەیان بۆ حکوومەتی ئەمەریکا کردووە، جەختیشی کردووەتەوە "بەرپرسانی عێراق ترسیان هەیە سەرنجی واشنتن ڕابکێشن، ئەمەش وای کردووە گرووپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕابگرن."
لە راپۆرتەکەی گۆڤارەکەدا هاتووە "حکوومەتی ئێران لەدوای ڕووخانی ئەسەد و لاوازبوونی حزبوڵلای لوبنانی هەژموونی کەم بووەتەوە، ئێستاش بەتەواوەتی وابەستەی عێراقە کە وەک دوا کارتی خۆی لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێت، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە."، ڕوونیشی کردەوە "واشنتن هاوکاریکردنی حکوومەتی عێراق دەقۆزێتەوە، عێراقیش ترسی هەیە ئەمەریکا سزای بەسەردا بسەپێنێت، بۆ ئەوەی زیاتر فشار لە ئێران بکات، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە."
گۆڤارەکە باسی لەوە کردووە، ئێستا حکوومەتی ئەەمریکا کار دەکات بۆ کەم کردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق، ئاماژەی بەوەش داوە، واشنتن ئەمە دەکات نەک لە ڕێگەی هێرشی سەربازیی دژی ئێران لە عێراق، بەڵکو لە ڕێگەی بەکارهێنانی دیپلۆماسییەکی چڕ و هەڕەشەی سزا کە ڕێگری لە ئێران دەکات عێراق وەک سەرچاوەیەکی دارایی بەکاربهێنێت."
گۆڤارەکە ئەوەشی گوتووە، ئێستا عێراق وەک مانگایەکی شیردەرە بۆ ئێران، بەڵام لە ڕێگەی فشاری ڕاستەوخۆی ئەمەریکاوە دەبڕدرێت، کە بریتی دەبێت لە "سەپاندنی سزا و بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیی گرووپە چەکدارەکان لایەنگری ئێران.
گۆڤارەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، حکوومەتی ئەمەریکا سەرەڕای ئەوەی سەرنجی تەواوی لەسەر عێراق نییە، بەڵام بڕیاری داوە عێراق لەژێر دەستی ئێران دەر بهێنێت، ئاماژەی بەوەش داوە، ئێران بەم زووانە عێراق لە دەست دەدات، ئەمریکاش گەورەترین هەژموونی دەبێت لە ناوچەکەدا.