ڕووسیا: 77 درۆنی ئۆکرانیامان خستە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، 77 درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە.
پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاشکرای کرد، تەنیا شەوی ڕابردوو، 77 درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئۆکرانیایان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕووسیا، خستووەتە خوارەوە، لەوانەش 30 درۆن لە ناوچەی بریانسک، ئەو ناوچەیەی کەوتووەتە سنووری ئۆکرانیا، 25 درۆنی دیکەش لە ناوچەی کالوگا.
ئەو هێرشە درۆنیانەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا لە کاتێکدایە هەوڵەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەستاندنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا چر بوونەتەوە.
سێشەممەی ڕابردوو 11ـی ئاداری 2025، گەڕی یەکەمی دانووستانی نێوان شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە شاری جددەی سعوودییە، بە مەبەستی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەڕێوە چوو.
مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو، گوتی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا زۆر بە باشی بەڕێوە چوو و ئەرێنی بوو.
هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئۆکرانیا ڕازی بووە بە پێشنیازی وەستاندنی دەستبەجێی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ.