ترەمپ: بەڵێنی ئاگربەست لەلایەن پوتینەوە ئومێدبەخشە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئامادەم لەگەڵ پوتین گفتوگۆ بکەم، هەروەها بەڵینیان لەبارەی ئاگربەستەوە ئومێدبەخشە. گوتیشی: شاندی دانووستانکارانمان گفتوگۆی جیددی لەگەڵ ڕووسیا دەکەن.

پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆشکی سپی کۆبووەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: بەڵینی ئاگربەست لەلایەن پوتینەوە ئومێدبەخشە، بەڵام ناتەواوە، بۆیە هیوادارین ڕووسیا کارێکی دروست بکات و بە ئاگربەست ڕازی بێت.

باسی لەوەش کرد، ئامادەیە لەگەڵ پوتین گفتوگۆ بکات. هاوکات دەڵێت: "دەبێت جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا رابگیرێت و ئەو پارانەی وەک هاوکاری دارایی بۆ ئۆکرانیامان ناردووە، پێوسیتە هەمووی بۆمان بگەڕێنێتەوە."

لەبارەی باجی گومرگی سەر کەنەدا، دۆناڵد ترەمپ، گوتی: باجی گومرگی سەر کەنەدا هەڵناگرێن و پاشگەزنابینەوە لە بڕیارەکەمان، چەندین ساڵە لەگەڵ وڵاتەکە کارمان کردووە، ئەمەریکا وڵاتێکە هاوکاری زۆری دارایی کەنەدای کردووە.

جەختی لەوە کردەوە، دەمانەوێت کەنەدا بە ڕووی وڵاتەکەمان بکەینەوە و ببێتە ویلایەتێکی گەورەی وڵاتەکەمان.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ناتۆ لەژێر سەرکردایەتی مارک ڕووتە  بودجەی بەرگریی خۆی زیاد کردووە، کارەکەی زۆر باش جێبەجێ کردووە. هەروەها ناتۆ بەهۆی ڕێوشوێنەکانی من بەهێزتر بووە.

پێنجشه‌ممه‌، 13ـی ئاداری 2025، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا ڕاگه‌یاند، پشتگیریی له‌ پێشنیازیی ئاگربه‌ستی 30 ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ده‌كات، به‌ڵام هێشتا ناكۆكی و جیاوازی ورد له‌م باره‌وه‌ هه‌یه‌ و پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئۆكرانیا ئه‌و ماوه‌یه‌ چۆن وه‌به‌رهێنانی تێدا ده‌كات و ده‌یقۆسێته‌وه‌.

ڤلادیمێر پوتین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌باره‌ت به‌م پێشنیازه‌ قسه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات. گوتیشی، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ هاوبه‌شه‌ ڕۆژئاواییه‌كان بۆ ناو ئه‌و پرۆسانه‌، سوودی گشتیی ده‌بێت.

پوتین جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ واشنتن ڕێك بكه‌ون، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ غازی ڕووسیی جارێكی دیكه‌ هاورده‌ی ئه‌ورووپا ده‌كرێته‌وه‌.