بە فەرمی یانەی زاخۆ گەڕایەوە لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق

زاخۆ سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، بەڵام ئەستێرەیەكی بۆ ئەم وەرزە لەدەست دا

چوار یاریزانی زاخۆ، چاودێری یاریزانێكی نەفت دەكەن. یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ. 13 ئاداری 2025
چوار یاریزانی زاخۆ، چاودێری یاریزانێكی نەفت دەكەن. یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ. 13 ئاداری 2025

لە گەڕی 24ـەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی زاخۆ بە بردنەوە لە یانەی نەفت گەڕایەوە لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق و پێشەنگی بە یانەی زەورای شاری بەغدا چۆل كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13 ئاداری 2025، لە نێو یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ، كوڕانی خابوور میوانداریی یانەی نەفتی شاری بەغدایان كرد، ئەگەرچی زاخۆ سەركەوتنێكی بەنرخی تۆمار كرد، بەڵام ئەستێرەیەكی لاوی بەهۆی پێكانێكی قورسەوە تا كۆتایی ئەم وەرزە لەدەستدا.
لە خولەكی 27 رامسێس كابریێلی هێرشبەری پیشەگەری نەفت گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، بەڵام خۆشییەكانی سەوزپۆشەكانی بەغدا زۆری نەبرد، كاتێك یانەی زاخۆ لە رێگەی ئەمجەد عەتوان بە لێدانی پێناڵتی ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
دواتر لە نیوەی دووەمی یارییەكە، زاخۆ گۆڵێكی ناوازەی لە رێگەی ئیچیتا دیپۆتی تۆمار كرد و بە گۆڵێك پێشكەوت، سەرەنجام یارییەكەش بە 2 گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك لە بەرژەوەندی زاخۆی دەلال كۆتایی هات، بەڵام پێكانە قورسەكەی بەیار زەكی هێرشبەرە لاوەكەی زاخۆ هاندەرانی یانەكەی دڵتەنگ كرد، بەوپێیەی ئەو یاریزانە لە خولەكی 84 هاتە شوێنی گۆستاڤۆ هێنریك، بەڵام لە خولەكی 88 لێدانێكی قورسی بەركەوت، راستەوخۆ بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا.
 بە گوێرەی تۆمارە ڤیدیۆییەكان پێكانەكەی بەیار زەكی لە ئەژنۆیەتی و رەنگە ئەم وەرزە بۆ ئەم گۆڵكارە لاوەی زاخۆ كۆتایی هات بێت.
یانەی زاخۆ دوای ئەم یارییە بە كۆكردنەوەی 49 خاڵ بە هاوبەشی لەگەڵ یانەی زاخۆ بۆ سەرلیستی خولی ئەستێرەكانی عێراق گەڕایەوە.