قەتەر غازی سروشتی هەناردەی سووریا دەکات

قەتەر بە پشتیوانیی ئەمەریکا، لە رێگەی ئوردنەوە، دەست بە هەناردەی غازی سروشتی بۆ سووریا دەکات. 

ئاژانسی رۆیتەرز لە سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی هاووڵاتییانی بە تایبەتی لە وزەی کارەبادا، دەسەڵاتدارانی قەتەر بڕیاریان داوە، لە ڕێگەی ئوردنەوە غازی سروشتی هەناردەی سووریا بکەن.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز کردووە، ئەم هەنگاوەی قەتەر پشتیوانیی کابینەی نوێی ئەمەریکای بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ هەیە، ئەمەش دەبێتە گەورەترین پشتیوانیی وڵاتێک لە سووریا، لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە هەناردەکردنی غازی سروشتیی قەتەر بۆ سووریا، ئوردنیش وەک نێوەندگیر بەشی خۆی پێ دەدرێت و بۆ ئەم مەبەستە ڕێککەوتنی دووقۆڵی لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات کراوە.