دۆناڵد ترەمپ: هەوڵ دەدەین پوتین ڕازی بکەین جەنگ ڕابگرێت

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: هەوڵ دەدەین سەرۆکی ڕووسیا ڕازی بکەین تا بە ئاگربەست ڕازی بێت و جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کارێکی ئاسان نییە.
هەینی 14ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ڕووسیا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست زۆر باشن، بەڵام پێویستە ڕەزامەندی نیشان بدەن بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ.
سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: پوتین ڕێز لە وڵاتەکەمان دەگرێت و ئێمەش پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڕووسیا هەیە.
لەبارەی بایدنەوە، ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئێمەی خستبووە دووڕیانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ڕووسیا.
گوتیشی: هەوڵ دەدەین سەرۆکی ڕووسیا ڕازی بکەین تا بە ئاگربەست ڕازی بێت و جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کارێکی ئاسان نییە.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی: دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا گفتوگۆیەکی باش و بەرهەمدارمان لەبارەی کۆتاییهێنانی جەگی ئۆکرانیا هەبووە.
ترەمپ ڕاشیگەیاندووە، دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی ئەو جەنگە خوێناوییە کۆتایی پێ بێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، ئێستاکە هەزاران سەربازی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە گەماڕۆ دراون و لە بارودۆخێکی دژواردان، هەر بۆیە داوام لە پوتین کردووە لەو سەربازانە خۆش بێت، چونکە هەر کردەیەکی سەربازی لە دژیان دەبێتە قێزەونترین کۆمەڵکوژی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی.