ناتانیاهۆ داوای ئامادەکاریی بۆ دانوستانی ئاگربەستی غەززە دەکات

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە ئامادەکاریی بۆ دانوستاندن لەبارەی درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بە گوێرەی پێشنیازی نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بکەن؛ لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی حەماس ڕەتی دەکاتەوە داوای جێبەجێ کردنی سێ قۆناغی ئاگربەستەکە دەکات.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە "سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە وەزیرەکان و بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل کردووە بەگوێرەی پێشنیازی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەکاری بۆ دانوستاندنەکان دەربارەی ئاگربەستەکە بکەن."

ئەمەش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئیسرائیل لە قەتەر بوو، کە شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ئاگربەستی غەززە سەردانی ئەو وڵاتەیان کردبوو.

بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەوحە پێشنیازێکی لە بارەی ئاگربەستی غەززە کردووە کە پێک هاتووە لە دەستبەجێ ئازادکردنی 11 بارمتەکانی ئیسرائیل و نیوەی ئەو زیندانییانەی کە ماون.

هەروەها درێژکردنەوەی ماوە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە بەرانبەر ئازادکردنی 10 دیلی دیکە.

میدیاکانی ئیسرائیل ڕاشیانگەیاندووە، ئیسرائیل بە پێشنیازەکە ڕازیبووە، بەڵام حەماس ڕەتی کردووتەوە، مەرجی هەیە و داوا دەکات ئابڵۆقەکان سەر غەززە هەڵبگیرێن.

هەروەها بزووتنەوەی حەماس، ڕژدە لەسەر جێبەجی کردنی سێ قۆناغی ئاگربەستەکە و داوا دەکات، دانووستاندن لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەست پێ بکات، شەڕ بە تەواوی کۆتایی پێ بهێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێنەوە.

هەینی 14ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: سەربازە ئیسرائیلییە - ئەمەریکییەکە بە ناوی عیدان ئەلیکسەندەر و چوار تەرم كه‌ له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی پیاو و ئافره‌تن ڕاده‌ستی ئیسرائیل ده‌كاته‌وه‌.

بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد "دوێنێ پێشنیازێکی نێوەندگیرەکانمان پێگەیشت بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان." گوتووشیه‌تی، بە هەستکردن بە بەرپرساریەتی ئەمڕۆ بەیانی وەڵامی خۆیان داوه‌ته‌وە نێوەندگیرەکان، لە وەڵامەکەدا ئاماژەیان بە ئازادکردنی عیدان ئەلیکسەندەر و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی چوار ته‌رمه‌كه‌ كردووه‌.

ڕۆژی 19-01-2025، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمەریکا چووە واری جێبەجێ کردنەوە، لە 2ی ئاداری 2025 قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هات، تاوەکوو ئێستا قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە دەستی پێ نەکردووە.

لە ماوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، کە نزیکەی 42 ڕۆژی خایاند، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 800 زیدانی فەلەستینیی ئازاد کرد.