ئەمڕۆ بەشێک لە خانەنشینانی یەکەی 70 و 80 و کەمئەندامانی سەنگەر دوو مووچە وەردەگرن

بەگویرەی زانیاریی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، بەشێک لە خانەنشینانی یەکەی 70 و 80 و کەمئەندامانی سەنگەر, مووچەی مانگی یەک و دوو، بەیەکەوە وەردەگرن.
بەوگوێرەی زانیارییەکانی، هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، ئەو پێشمەرگانەی مامەڵەی دۆسییەکانیان تەواو کراوە و خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک و دوو بەیەکەوە وەردەگرن.
گوتیشی: ژمارەی ئەو خانەنشینانە نزیکەی شەش هەزار کەس دەبن، کە بەشێک لەوانە دۆسییەکانیان لەژێر وردبینیدایە، هەر کات دۆسییەکانیان تەواو بوو مووچەکانیان وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو خانەشینانەی یەکەی 70 و 80 و کەمئەندامانی سەنگەر کە پێشتر مووچەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرت، ئێستا دۆسییەکانیان دەگوازرێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین و لەوێ مووچەکانیان پێ دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ بەشیک لەو خانەنشینانە مووچەی مانگی یەک و دوو وەردەگرن، ئەوانەشی وردبینی دۆسییەکانیان لە مانگی ئادار '3' تەواو دەبێت ئەوە مووچەی هەرسێ مانگ بەیەکەوە وەردەگرن.